سێ چالاکی مەدەنیی یارسان بانگهێشتی دادسەرای گشتی و ئینقلابی شاری سەحنە کران

17:18 - 10 رەشەمه 2722

سەیدئەمین عەباسی، سەیدسروش عەباسی و سەیدکەرەم عەباسی، لە چالاکانی مەدەنیی یارسان بە تۆمەتی "کۆبوونەوە و تەبانی بەمەبەستی ئەنجامدانی تاوان دژی ئەمنییەتی نێوخۆیی"، بانگهێشتی لقی ١ی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتیی و ئینقلابی شاری سەحنە کران.

ئەو سێ چالاکە مەدەنییە بەپێی ئەو بانگهێشتنامەیە کە وەریانگرتووە دەبێت لە ماوەی پێنج ڕۆژدا بۆ دوایین داکۆکی لە خۆیان لە لقی ١ی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و ئینقلابی سەحنە ئامادە بن.

ڕۆژی دووشەممە ١٢ی بەفرانبار، سەیدئەمین عەباسی، سەیدسروش عەباسی و سەیدکەرەم عەباسی، لە چالاکانی مەدەنیی یارسان پاش ٣٣ ڕۆژ دەسبەسەرکرانی کاتی بە دانانی بارمتە و کەفاڵەت لە زیندانی دێزڵاوای کرماشان ئازاد کران.

سەیدئەمین عەباسی بە دانانی بارمتە و سەیدسروش و سەیدکەرەم عەباسی بە دانانی کەفاڵەت، بە شێوەی کاتی هەتا کاتی دادگاییەکەیان لە زیندانی دێزڵاوای کرماشان، ئازاد کران.

ئەو سێ چالاکە پاش ٢٩ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی کاتی لە زیندانی دێزڵاوا بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی کرماشان ڕاگوێزرابوون.

سەیدئەمین عەباسی، ئەندامی کۆڕی ڕاوێژی چالاکانی مەدەنیی یارسان و سەیدسروش عەباسی لە ڕێکەوتی ٩ی سەرماوەز، لە کاتی گەڕانەوە لە شاری سەحنە بۆ کرماشان، لە خاڵی پشکنینی بێستوون لەلایەن ‌هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوون.

هەروەها سەیدکەرەم عەباسی لە چالاکانی یارسان، خەڵکی کرماشان و دانیشتووی شاری ساوە، لە شوێنی نیشتەجێبوونی لەلایەن ‌هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو و بۆ ئیتلاعاتی سپای پاسداران ڕاگوێزرابوو کە دواتر مانی لە خواردن گرتبوو.