دەسبەسەرکرانی ٦ چالاکی سێنفیی مامۆستایان لە سنە

11:16 - 17 رەشەمه 2722

ڕۆژی سێشەممە، ١٦ی ڕەشەمە، بەهادین مەلەکی، وریا کەریمی، کەماڵ فەکووریان، جەبار پاکزاد، موختار ئەسەدی و عابد ئەحمەدی لە چالاکانی سێنفیی مامۆستایانی سنە لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

لە نێوان ئەم ٦ مامۆستا دەسبەسەرکراوەدا، بەهادین مەلەکی و وریا کەریمی پاش دەسبەسەرکران گوازراونەتەوە بۆ پۆلیسی ئەمنییەتی سنە و کەماڵ فەکووریان و جەبار پاکزاد لە ئەندامانی لێژنەی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان ـ سنە پاش ڕۆیشتن بۆ پۆلیسی ئەمنییەتی سنە بۆ بەدواداچوونی دۆخی مامۆستایانی دەسبەسەرکراو، دەسبەسەر کراون.

هەروەها موختار ئەسەدی، چالاکی سێنفیی مامۆستایان بە بێ بەڵگەی یاسایی لە ماڵەکەی خۆیدا و لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراون.

عابد ئەحمەدی، یەکێکی دیکە لە چالاکانی سێنفیی مامۆستایان شەوی سێشەممە، ١٦ی ڕەشەمە، لە بەردەم پۆلیسی ئەمنییەتی سنە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراوە.

ڕۆژی سێشەممە، ١٦ی ڕەشەمە، هێزە سەرکوتکەرەکان هێرشیان کردە سەر کۆبوونەوەی مامۆستایان لە بەردەم ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی سنە و بە فڕێدانی گازی فرمێسکڕێژ و تەقەی فیشەکی ساچمەیی مامۆستایانی ناڕازاییان کردە ئامانج.

لانیکەم چوار مامۆستا بە فیشەکی ساچمەیی هێزە سەرکوتکەرەکان بریندار بوون.

بڕیار بوو کۆبوونەوەی مامۆستایان لە حەوشەی ئیدارەی پەروەردەی سنە بەڕێوە بچێت کە بە هۆی بەستراوبوونی دەرکەکە لە شەقامی ئێکباتان بەڕێوە چوو.