سنە؛ گیانلەدەستدانی ژنێکی زیندانی بەهۆی کەمتەرخەمی لە ناردنی بۆ نەخۆشخانە

21:23 - 16 رەشەمه 2722

ڕۆژی یەکشەممە، ٧ی ڕەشەمە، ژنێکی زیندانی بە ناوی "سەیدە ئامێنە ئەحمەدی"، بەهۆی کەمتەرخەمی لە ناردنی بۆ نەخۆشخانە لە کانوونی ئیسڵاح و تەربییەتی سنە گیانی لەدەست دا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، پاش گیانلەدەستدانی ئەم ژنە، هێزە ئەمنییەتییەکان و بەرپرسانی کانوونی ئیسڵاح و تەربییەتی سنە، هەڕەشەیان لە زیندانییان کردووە کە لە ڕاگەیاندنی مەرگی ئەم ژنە خۆ ببوێرن.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: سەیدە ئامێنە ئەحمەدی سی ڕۆژ پێش گیانلەدەستدانی ژەهراوی بووە و بەشی دەرمانیی زیندان بۆ چارەسەرکردنی هیچ کارێکیان نەکردووە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە وتی: ئەم زیندانییە سێ رۆژ ڕشانەوەی هەبووە و ڕشانەوەکەشی ئەسیدی بووە و لە ڕشانەوەدا شتێک بە ڕەنگی سەوزی هێناوەتەوە.

ئەم سەرچاوە هەروەها وتی: بەرپرسانی کانوونی ئیسڵاح و تەربییەتی سنە سەرەڕای ئاگاداربوون لە دۆخی ئەم ژنە بەئەنقەست لە باردنی بۆ نەخۆشخانە خۆ دەبوێرن.

ئەم سەرچاوە ئەوەشت وت: بریار بووە کۆتاییەکانی مانگی ڕەشەمەی ١٤٠١، کۆبوونەوەی دادگایی ئەو ژنە بەڕێوە بچێت.

سەیدە ئامێنە ئەحمەدی دوو ساڵ پێش بە تۆمەتی پێوەندیدار بە "ماددەی هۆشبەر"، دەسبەسەر کراوە.

ئەم زیندانییە ژنە خەڵکی نایسەری سنەیە.