چالاکێکی مەدەنیی کوردی یارسان لە کرماشان دەسبەسەر کرا

10:59 - 16 رەشەمه 2722

ڕۆژی یەکشەممە، ١٤ی ڕەشەمە، کاوە سەلیمی، چالاکی مەدەنیی کوردی یارسان لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپا لە کرماشان دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

هێزەکانی ئیتلاعاتی سپا بەبێ بەڵگەی یاسایی ئەم چالاکە کوردەیان لە ماڵەکەی خۆیدا دەسبەسەر کردووە.

هێزە ئەمنیەتییەکان لە کاتی دەسبەسەرکردنی کاوە سەلیمیدا، هاوکات لەگەڵ پشکنینی ماڵەکەی، دەستیان بەسەر هەندێ کەرەستەی تاکەکەسیی ناوبراو وەک مۆبایلەکەیدا گرتووە.

ئەم چالاکە مەدەنییە لە ماوەی ڕابردوودا لە ڕێگەی پێوەندیی تلفۆنییەوە بانگهێشتی ئیتلاعاتی سپا کراوە و لێپرسینەوەی لێ کراوە.

کاوە سەلیمی خێزاندارە و دوو منداڵی هەیە.

تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ناوبراو زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.