هۆڵێکی وەرزشی لە بیجاڕ داخرا

12:14 - 15 رەشەمه 2722

ڕۆژی هەینی، ١٢ی ڕەشەمە، هۆڵێکی وەرزشیی شاری بیجاڕ لەلایەن دادستانی گشتیی ئەو شارەوە داخرا.

بە وتەی سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا، دادستانی گشتیی بیجاڕ، بەهۆی هەڵپەڕکێ و ڕەشبەڵەکی خەڵک لەم هۆڵە وەرزشییەدا دۆسییەی لەسەر ئەندامانی شۆرای شار، بەڕێوەبەرایەتیی هۆڵەکە و ڕۆژنامەنووسێک کردووەتەوە و هۆڵەکەی داخستووە.

سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا ڕایگەیاند: ڕۆژی هەینی ١٢ی ڕەشەمە، بەبۆنەی ڕۆژانی شەعبانەوە شۆرای شاری بیجاڕ فێستیڤاڵێکی خواردن و خۆراکی بەڕێوە بردووە کە لە کۆتایی فێستیڤاڵەکەدا ژنان و پیاوان پێكەوە هەڵپەڕکێ و شاییان کردووە.

ئەم سەرچاوە هەروەها وتی، کەسایەتییە ئایینییەکانی بیجاڕ و هەندێ لایەنی تەندئاژۆ تووڕەییان لەم کارە دەربڕیوە و ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کە لە کۆتاییدا ئەمڕۆ دووشەممە، ١٥ی ڕەشەمە هۆڵەکە لەلایەن پۆلیسەوە دابخرێت.

بەپێی زانیارییەکان دادستانی گشتیی بیجاڕ بەتۆمەتی "پەرەدان بە بەدڕەوشتی" دۆسییەی بۆ ئەندامانی شۆرای شار و بەڕێوەبەرانی هۆڵەکە و ڕۆژنامەنووسێک بە ناوی محەممەد ئاقایی کردووەتەوە.

محەممەد ئاقایی، بەڕێوەبەری لاپەڕە و کاناڵی جاڕچی، لەسەر داواکاریی شۆرای شار هەواڵی فێستیڤاڵەکەی بڵاو کردووەتەوە. ناوبراو بە زمانی تەنز و کۆمێدیانە، هەواڵ و زانیارییەکانی پەیوەندیدار بە شاری بیجاڕی بڵاو دەکاتەوە و لەسەر شێوازی نووسینیشی چەندین جار دەسبەسەر کراوە و دۆسییەی دادوەریی بۆ کراوەتەوە.