سەیوان عەزیزی لە بریندارانی ناڕەزایەتییەکانی سنە بە دەستێکەوە دەژیت

10:40 - 14 رەشەمه 2722

سەیوان عەزیزی، کوڕی سابر و تەیبە خەڵکی سنە کە لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی ئەم شارەدا دەستی بەتوندی بریندار ببوو، ئێستا بە دەستێکەوە دەژیت و پزیشکان پێیان ڕاگەیاندووە تا کاتێ کە نەشتەرگەریی دووبارەی بۆ نەکرێت، ئەگەری جووڵەی دەستی لەئارادا نابێ.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ئەم هاووڵاتییە ڕێکەوتی ١٦ی ڕەزبەری ١٤٠١ لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی شاری سنەدا لە دەوروبەری زیندانی ئەم شارە، بەتەقەی هێزە ئەمنییەتی - سەرکوتکەرەکان بە چەکی کڵاشینکۆف پێکراوە و دەستی چەپی بریندار بووە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند؛ سەیوان عەزیزی پاش برینداربوون لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانەوە دەسبەسەر و بۆ ماوەی ٦ کاتژمێر دەکەوێتە بەر لێدان و ئەشکەنجەی هێزە ئەمنیەتییەکان.

ئەم سەرچاوە هەروەها وتی؛ پاش خراپتربوونی دۆخی تەندروستیی سەیوان، هیزە سەرکوتکەرەکان دەست بەسەر کارتی پێناس و مۆبایلەکەیدا دەگرن و لە نزیک نەخۆشخانەیکی سنە بەجێی دەهێڵن.

سەرچاوەکەی کوردپا هەروەها وتی؛ سەیوان عەزیزی کاری مێکانیکی دەکات و ئێستا بەهۆی توندیی برینەکەیەوە و ئێشی لەڕادەبەدەری دەستی بەسەختی ژیان و کاری تێدەپەڕێنێت.

سەیوان عەزیزی، لەدایکبووی ٢٨ی خەزەڵوەری ٧٣ لە سنەیە.