حوکمی لەسێدارەدرانی زیندانییەک لە زیندانی سەقز جێبەجێ کرا

10:11 - 14 رەشەمه 2722

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، ١٤ی ڕەشەمە، حوکمی لەسێدارەدرانی زیندانییەک بە ناوی "کەیۆمەرس زەرغامی"، لە زیندانی سەقز جێبەجێ کرا.

ناوبراو ١٥ی بەفرانباری ١٤٠٠، لەلایەن لقی ١ی دادگای کەیفەری ١ی پارێزگای سنەوە بە تاوانی "کوشتنی بەئەنقەست"ی دەسگیرانەکەی بە ناوی "گوڵاڵە شێخی"، بە "قساس" مەحکووم کرابوو.

ڕۆژی سێشەممە، ١٨ی جۆزەردانی ١٤٠٠، تەرمی سووتاوی "گولاڵە شێخی" کچی عوسمان، خەڵکی سەقز کە لەلایەن دەسگیرانەکەیەوە کوژرابوو، لە جاددەی سەقز- سنە ژوورتر لە گوندی "چاپانی خواروو" لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئاگاهییەوە دۆزرایەوە.

کەیۆمەرس پاش دەسبەسەرکران و لە ڕەوتی لێپرسینەوەکاندا لە ئیدارەی ئاگاهیی سەقز دانی بە کردەوەکەی خۆی دانا و هۆکاری کوشتنی گولاڵەی کێشە لەسەر کارکردنی ناوبراو ڕاگەیاند.

کەیۆمەرس زەرغامی دانیشتووی سەقز و خەڵکی گوندی "شەریفاوا"ی دیواندەرە بوو.