ڕاگواستنی بایەزید ڕاسخ‌نیا بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ

17:30 - 13 رەشەمه 2722

بایەزید ڕاسخ‌نیا، هاووڵاتیی خەڵکی مەهاباد بۆ لێپرسینەوە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنیەتییەکانی ورمێ راگوێزرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم هاووڵاتییە ڕۆژی پێنجشەممە، ١١ی ڕەشەمە، پاش تێپەڕبوونی دوو حەفتە لە دەسبەسەرکرانی لە پێوەندییەکی تلفۆنیدا بە بنەماڵەکەی ڕاگەیاندووە کە لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ لەژێر لێپرسینەوەدایە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: ئەم هاوولاتییە تاکوو ئێستا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کراوە.

ئەم هاووڵاتییە تەمەن ٤٢ ساڵە، لە شوێنی کارەکەی لە "تاناکۆرا"ی مەهاباد بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراوە.

تاکوو ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی بایەزید ڕاسخ‌نیا هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.