پیرانشار؛ بە بارمتەگیرانی فەرەیدوون نەبی لە جیاتی براکەی لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە

23:50 - 12 رەشەمه 2722

لاوێکی کورد بە ناوی "فەرەیدوون نەبی"، تەمەن ٢١ ساڵ و خەڵکی پیرانشار لەجیاتی براکەی بە ناوی "فەردین نەبی"، ١٢٦ ڕۆژە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە بە بارمتە گیراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە کوردپای ڕاگەیاند: ڕۆژی شەممە ٦ی خەزەڵوەری ١٤٠١، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی و هاوکات لەگەڵ توندوتیژی هێرشیان بردووەتە سەر ماڵی فەردین نەبی و پاش ئەوەیکە نەیانتوانیوە دەسبەسەری بکەن براکەیان دەسبەسەر کردووە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: هیزە ئەمنیەتییەکان بە ڕاشکاوی بە بنەماڵەی نەبی ڕایانگەیاندووە تا کاتێ کە فەرین خۆی ڕادەست نەکاتەوە، فەرەیدوون لە دەسبەسەریدا دەبێ.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٧ی ڕێبەندانی ١٤٠١، عوسمان نەبی، باوکی بنەماڵە و مریەم نەبی هاوسەری فەردین نەبی بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار کراون و بۆ ماوەی سێ کاتژمێر لێپرسینەوەیان لێ کراوە.

پێشتریش هیزە ئەمنییەتییەکان دەستیان بەسەر مۆبایلی هەموو ئەندامانی بنەماڵە لەوانە، باوک، دایک و خوشکی ئەم دوو هاووڵاتییە و هاوسەر و منداڵی فەردین نەبیدا گرتووە.

بە وتەی ئەم سەرچاوە ئاگادارە، فەرەیدوون نەبی پاش ٤٨ ڕۆژ لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ بۆ زیندانی نەغەدە ڕاگوێزراوە و ئێستاش لە زینداندایە.