سنە؛ پوویا ڕۆستەمی‌پوور بە دانانی بارمتەی ٢ میلیارد تمەنی ئازاد کرا

17:26 - 12 رەشەمه 2722

ڕۆژی سێشەممە، ٩ی ڕەشەمە، پوویا ڕۆستەمی‌پوور، تەمەن ٣٢ ساڵ و ڕاهێنەری فووتباڵ و دەرچووی بیووشیمیی زانکۆی ئازادی سنە، بە دانانی بارمتەی ٢ میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی، هەتا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادڕەسی ئازاد کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، پوویا ڕۆستەمی‌پوور بە "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران و کردەوەی دژی تەناهیی نەتەوەیی" تۆمەتبار کراوە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە وتی: ئەم هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کراوە.

ڕۆژی چوارشەممە، ١٢ی ڕێبەندان، پوویا ڕۆستەمی‌پوور بەبێ بەڵگەی یاسایی لە ماشینینەکەی خۆیدا لەلایەن ئیتلاعاتی سپاوە دەسبەسەر کراوە و بۆ گرتنگەی ئەمنییەتیی شارامفەر ڕاگوێزراوە.

هێزەکانی ئیتلاعاتی سپا، پاش دەسبەسەرکردنی ناوبراو، هێرشیان کردووەتە سەر ماڵەکەی و پاش پشکنینی ماڵەکەی دەستیاان بەسەر کامپیۆتر و کەرەستە ئێلێکترۆنییەکانی ناوبراودا گرتووە.