خەبات فەدایی، هونەرمەندی کورد بە ٦ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا

18:58 - 6 رەشەمه 2722

خەبات فەدایی، هونەرمەندی کوردی خەڵکی گوندی "بۆڕیەر" سەر بە شاری سەوڵاوا و دانیشتووی شاری تاران، لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی شاری وەرامین بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ئەشکان ڕامش"، بە ٦ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا.

ئەو هونەرمەندە کوردە بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە ساڵێک زیندانی تەعزیری و بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە گرووپ و دەستەکان بە مەبەستی تێکدانی ئەمنییەتی وڵات" بە ٥ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا کە تەنیا زیاترین سزاکە جێبەجێ دەبێت.

دادگا بە پشتبەستن بە ماددەکانی ١٣٤ و ٢١٥ی یاسای سزای ئیسلامی، پەسەندکراوی ساڵی ١٣٩٢ و ماددەکانی ٤٩٨ و ٤٩٩ و ٥٠٠ یاسای تەعزیرات پەسەندکراوی ساڵی ١٣٧٥، ئەو حوکمەی بە سەر ئەو هونەرمەندە کوردەدا سەپاندووە.

بڕیاری دادگا دژی خەبات فەدایی لە ڕێکەوتی ٣٠ی ڕێبەندانی ساڵی ١٤٠١، بە ئامادەبوونی خۆی دەرکراوە و بۆ ماوەی ٢٠ ڕۆژ دوای پێڕاگەیاندنی شیاوی پێداچوونەوە لە دادگاکانی پێداچوونەوەی پارێزگای تارانە.

ڕۆژی دووشەممە ٢٣ی خەزەڵوەری ١٤٠١، خەبات فەدایی، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی هەتا کاتی دادگاییەکەی لە زیندانی ئێڤین ئازاد کرابوو.

ئەو هونەرمەندە لە ماوەی دەسبەسەربوونیدا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کرابوو.

خەبات فەدایی، هونەرمەندی کوردی خەڵکی گوندی "بۆڕیەر"ی سەر بە شاری سەوڵاوای مەریوان و دانیشتووی شاری تارانە کە ڕۆژی ٤ی ڕەزبەری ١٤٠١ لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.