موسلێم جەعفەری ڕەمشتی بە دانانی بارمتەی ٨ میلیارد تمەنی لە زیندانی ئێڤین ئازاد کرا

11:35 - 4 رەشەمه 2722

ڕۆژی سێشەممە ٢ی ڕەشەمە، موسلێم جەعفەری ڕەمشتی، باشترین ئەکتەری فیلمی " زەوییە پیسەکان" (زمین‌های کثیف) و خەڵکی شاری سنە، بە دانانی بارمتەی ٨ میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندانی ئێڤین ئازاد کرا.

موسلێم جەعفەری ڕەمشتی ناسراو بە هەڵۆ، ڕێکەوتی ٢٠ی  خەرمانانی ساڵی ١٤٠١، لە گوندی "تەرس‌ئاوا"ی شاری خۆی، بەبێ بەڵگەی یاسایی، کاتژمێر ٥ی بەیانی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە کە چەکدار بوونە و ١٠ ماشینیان لەگەڵ بووە، بە زۆر و بە لێدان، تەنانەت بەبێ ئەوەی کە ئیزن بدەن پێڵاو و جلوبەرگ لەبەر بکات، ناوبراویان بە ڕاکێشان بە سەر عەرزەکەدا، خستووەتە نێو ماشینەوە و دەسبەسەریان کردووە.

ناوەندە ئەمنییەتییەکان لە کاتی دەسبەسەرکرانی هەڵۆدا هەموو کەرەستەکانی، مۆبایلەکەی و کۆڵەپشتییەکەشیان لەگەڵ خۆیان بردووە.

 بنەماڵەی جەعفەری ڕەمشتی هەتا ١٠٠ ڕۆژ هیچ زانیارییەکیان لە چارەنووسی کوڕەکەیان نەبووە، تا کاتێک کە لە پەیوەندییەکی تلفۆنیدا بە بنەماڵەکەی ڕادەگەیەنێ کە لە بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤین زیندانی کراوە.

هەڵۆ جەعفەری ڕەمشتی لە درێژەی ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، بەبێ مافی هەبوونی پارێزەر، پەیوەندیی تلفۆنی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی، لە یەکێک لە ژوورە تاکەکەسییەکانی زیندانی ئێڤین لە دەسبەسەریدا بووە. هەڵۆ ڕەمشتی بەگشتی مافی چاوپێکەوتنی لێ ئەستێندراوە و تەنیا جارێک لە ڕێکەوتی ١ی ڕێبەندانی ١٤٠١، پاش دانانی بارمتەی ١ میلیارد تمەنی لەلایەن لقی ٧ی لێپرسینەوەی دادسەرای ئێڤین، بەهۆی نالەباربوونی باری تەندروستی ڕەوانەی نەخۆشخانە کراوە و یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەکەی توانیویە چاوی پێ‌ بکەوێت.

هەڵۆ جەعفەری ڕەمشتی لە تەمەنی ١٨ ساڵییەوە بووەتە ئەندامی پارتی ئازادیی کوردستان. ناوبراو دواتر وەکوو یەکێک لە ئەندامانی ڕێبەریی ئەو حیزبە هەڵدەبژێردرێت، بەڵام ساڵی ٢٠١٧ بەهۆی کێشە و ناوکۆکیی جیددی لەگەڵ ڕێبەرانی ئەو حیزبە بەشێوەی فەرمی، دەست‌لەکارکێشانەوە خۆی و جیابوونەوەی لەو حیزبە ڕادەگەیەنێ و لە ساڵی ٢٠١٧ەوە هیچ جۆرە چالاکییەکی سیاسی و نیزامیی نەبووە و خەریکی کاری هونەری لە هەرێمی کوردستان بووە.

ڕۆڵ‌گێڕانی هەڵۆ جەعفەری ڕەمشتی لە فیلمی "زەوییە پیسەکان" بە مەبەستی پووچەڵکردنەوەی مین و بومبە چێندراوەکان لەلایەن داعش، کە لە فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی ساڵانەی فیلمی دهۆک لە هەرێمی کوردستانی عێراق، بەڕێوە چوو، لە باشترین کارەکانی هەڵۆ ڕەمشتی بووە و ناوبراو وەکوو باشترین ئەکتەری ئەو فێستیڤاڵە دیاری، کرا.

هەڵۆ ڕەمشتی لەو ماوەیەدا، کە ئەندامی پاک بووە و لە کاتی بەرگری لە بەرانبەر هێرشی داعش بۆ سەر هەرێمی کوردستان، یەکێک لە دەستەکانی خۆی لەدەست داوە.

موسلێم (هەڵۆ) جەعفەری ڕەمشتی، کوڕی مەحموود و مەهوەش ڕەحیمی، لەدایکبووی ٨ی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٦٢ لە گوندی ڕەمشت سەر بە شاری سنەیە و خێزاندارە.

دۆسییەی هەڵۆ جەعفەری ڕەمشتی لە لقی ٧ی لێپرسینەوەی دادسەرای ئێڤینە و تۆمەتی ئەو ئەکتەرە کوردە " ١٧ ساڵ چالاکیی نیزامی و ئەندامەتی لە ڕێبەریی گرووپە تێرۆریستییەکانی دژی ڕێژیم" ڕاگەیەندراوە.