مامۆستا لوقمان ئەمینی و مامۆستا ئیبراهیم کەریمی نەنەڵە بە دانانی بارمتە ئازاد کران

17:09 - 3 رەشەمه 2722

ڕۆژی چوارشەممە ٣ی ڕەشەمە، مامۆستا لوقمان ئەمینی، پێشنوێژی مزگەوتی جامێعەی چواریاری نەبیی سنە و مامۆستا ئیبراهیم کەریمی نەنەڵە، پێشنوێژی مزگەوتی جامێعەی گوندی نەنەڵەی سنە، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کران.

ئەو دوو مامۆستا کوردە بۆ دادگای تایبەتی ڕۆحانییەتی هەمەدان ڕاگوێزرابوون و بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی هەتا کاتی دادگاییەکەیان ئازاد کراون.

ڕۆژی دووشەممە ١٠ی ڕێبەندان، مامۆستا لوقمان ئەمینی و مامۆستا ئیبراهیم کەریمی نەنەڵە، بە بێ بەڵگەی یاسایی لە جاددەی مەریوان، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوون.

ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە پاش دەسبەسەرکرانی مامۆستا ئیبراهیم کەریمی نەنەڵە، بە تۆمارکردن و بڵاوکردنەوەی گرتە ڤیدیۆیەک لەو مامۆستا کوردە، ناچار بە داوای لێخۆشبوون لە ڕۆحانییەتی سەر بە حکوومەتی کرد.

هەتا کاتی بڵابوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەرکرانی ئەو دوو مامۆستا کوردە، زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.