ژمارەی لەسێدارەدراوانی ورمێ گەیشتە ٣ کەس

17:15 - 2 رەشەمه 2722

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە ٢ی ڕەشەمە، حوکمی لەسێدارەدرانی دوو زیندانی بە ناوەکانی "وەحید بەیزایی" و "ئەمیرعەلی بایرەمی" لە زیندانی ورمێ، جێبەجێ کرا. بە هەژمارکردنی لەسێدارەدانی ئەو دوو زیندانییە، ژمارەی لەسێدارەدانەکان لە زیندانی ورمێ، بۆ سێ کەس بەرز بووەوە.

هەروها سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە ٢ی ڕەشەمە، حوکمی لەسێدارەدانی زیندانییەک بە ناوی "سەعدوڵڵا فەڕۆخی جێرمێ" خەڵکی ورمێ، لە زیندانی ناوەندیی ئەو شارە، جێبەجێ کرا.

ئەو سێ زیندانییە ڕۆژی یەکشەممە ٣٠ی ڕێبەندان، بۆ جیبەجێکردنی حوکمەکەیان، ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی زیندانی ورمێ کرابوون.

ئەو سێ زیندانییە پێشتر بەتۆمەتی "کوشتنی بەئەنقەست" لەلایەن دەزگای دادوەرییەوە بە ئێعدام، مەحکووم کرابوون.

هەتا ئێستا هەواڵی لەسێدارەدانی ئەو سێ زیندانییە لەلایەن سەرچاوە فەرمییەکان و میدیا ناوخۆییەکانی ئێرانەوە ڕانەگەیەندراوە.