دوو مامۆستا لە شاری پیرانشار بانگهێشت و دەسبەسەر کران

15:48 - 2 رەشەمه 2722

ڕۆژی دووشەممە ١ی ڕەشەمە، مامۆستا جەعفەر پەروینی، لە مامۆستایانی قوتابخانەی زانستی دینیی سەلاحەدینی ئەیووبیی شاری پیرانشار و مامۆستا عەلی ڕەحیمی، پێشنوێژی مزگەوتی "کۆنەخانە"ی پیرانشار، بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە، کران.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، مامۆستا جەعفەر پەروینی پاش بانگهێشتکرانی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار دەسبەسەر کراوە و مامۆستا عەلی ڕەحیمیش پاس چەند کاتژمێر لێپرسینەوە، ئازاد کراوە.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: لە دوای دەسبەسەرکرانی مامۆستا جەعفەر پەروینییەوە تا ئێستا زانیارییەک لەمەڕ چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە هەروەها دەڵێت: ئەو دوو مامۆستا کوردە بەهۆی ڕەخنە لە حکوومەتی ئێران و پشتیوانی لە خۆپیشاندەران، بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار کراون.

لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی دووشەممە ١ی ڕەشەمە، مامۆستا عەلی پوورمەند، پێشنوێژی مزگەوتی سەید عەبدوڵڵا کەماڵیی نەغەدە، بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە کرا و لێپرسینەوەی لێ کرا.

وێنە: مامۆستا جەعفەر پەروینی