مامۆستا ئیبراهیم سەلیمی، بە دانانی بارمتە لە زیندانی ورمێ ئازاد کرا

11:07 - 2 رەشەمه 2722

ڕۆژی دووشەممە ١ی ڕەشەمە، مامۆستا ئیبراهیم سەلیمی، پێشنوێژی مزگەوتی "چوار یاری نەبی"ی شاری پیرانشار، بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی، هەتا کاتی دادگاییەکەی بە شێوەی کاتی لە زیندانی ورمێ، ئازاد کرا.

ئەو مامۆستا کوردە پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ بۆ زیندانی ئەو شارە ڕاگوێزراوە و لەو ماوەیەدا، لە گرتنی پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی، بێبەری کراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو مامۆستا کوردە لە کاتی دەسبەسەرکران لەلایەن ‌هێزە ئەمنییەتییەکانەوە ئازار و ئەشکەنجە دراوە.

ڕۆژی سێشەممە ١١ی ڕێبەندان، مامۆستا ئیبراهیم سەلیمی، بەهۆی پشتیوانی لە خۆپیشاندانە خەڵکییەکان، بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار و دەسبەسەر کرابوو، دواتر بۆ لێپرسینەوەی ڕەوانەی گرتنگەی ئەمنییەتیی ئیدارە  ئیتلاعاتی ورمێ کرابوو.