ورمێ؛ ژنێک بەهۆی دژایەتی‌کردن لەگەڵ پێکهێنانی ژیانی هاوبەشی دووبارەی هاوسەرەکەی کوژرا

19:37 - 29 رێبەندان 2722

ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی ڕێبەندان، ژنێکی لاو بە ناوی "مەعریفەت کەریمی" خەڵکی ورمێ، بەهۆی "کێشەی بنەماڵەیی" لەلایەن مێردەکەیەوە کوژرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە کوردپای ڕاگەیاند: ئەو ژنە لاوە بەهۆی دژایەتی‌کردن لەگەڵ پێکهێنانی دووبارەی ژیانی هاوبەشی مێردەکەی بەناوی "جەعفەر خیشکار"، لەلایەن ناوبراوەوە کوژراوە. ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە بەڵگەکان باس لەوە دەکەن کە "جەعفەر خیشکار" هاوژینەکەی خنکاندووە و شوێنەواری شین و ڕەشبوونەوە لەسەر جەستە و ملی ئەو ژنە دیارە بووە.

بەوتەی ئەو سەرچاوە ئاگادارە، برای جەعفەر خیشکار ماوەیەک پێش بە ڕووداوی هاتوچۆ گیانی لەدەست داوە و جەعفەر خیشکار" ویستوویەتی لەگەڵ براژنەکەی خۆی ژیانی هاوبەش پێک بێنیت، کە لەگەڵ دژایەتیی هاوژینەکەی بەرەوڕوو بووەتەوە.

سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا هەروەها ڕایگەیاند: جەعفەر خیشکار پاش کوشتنی ژنەکەی، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەسبەسەر کراوە.

مەعریفەت کەریمی، کچێکی تەمەن ٥ ساڵی هەیە.