سنە؛ دەسبەسەرکرانی وێنەگرێک لەلایەن هیزە ئەمنییەتییەکانەوە

19:30 - 29 رێبەندان 2722

ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی ڕێبەندان، مێهدی تەوەکولی، وێنەگری خەڵکی شاری سنە، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

دەسبەسەرکرانی ئەو وێنەگرە سنەییە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە بەبێ بەڵگەی یاسایی بووە.

مانگی بانەمەڕی ساڵی ١٣٩٩، مێهدی تەوەکولی لەلایەن ستادی خەبەریی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەوە بانگهێشت کراوە و سەبارەت بە چالاکییەکانی لێپرسینەوەی لەگەڵ کراوە.

مێهدی تەوەکولی ڕۆژی ٢١ی ڕەزبەری ساڵی ١٣٩٥، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو و پاش ٣٥ ڕۆژ لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەوە بۆ زیندانی ناوەندیی ئەو شارە ڕاگوێزرابوو. ناوبراو دواتر بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو و لە مانگی پووشپەڕی ساڵی ١٣٩٦دا، لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی سنەوە بە تۆمەتی "هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی" بە ٢ ساڵ زیندان، کە ساڵێکی زیندانی تەعزیری بووە، مەحکووم کرابوو. ئەو وێنەگرە پاش تەواوبوونی ماوەی زیندانییەکەی، دووبارە مانگی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٩٨ لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش مانگێک بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.

مێهدی تەوەکولی، ڕاهێنەری وێنەگریی ئەنجومەنی سینەمای جوانی کوردستانە و لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، چەندی  پیشانگای وێنەگریی لەسەر "ئاوارەکانی شەنگال و کۆبانی لە هەرێمی کوردستان" لە سنە، بەڕێوە بردبوو.