ئاودانان؛ هێرشی هێزە ئەمنییەتی - سەرکوتکەرەکان بۆ سەر بنەماڵەی چالاکێکی سیاسی

10:53 - 13 رێبەندان 2722

لە درێژەی ناڕەزایەتییە شەوانەکانی خەڵکی ئاودانان، هێزە ئەمنییەتی - سەرکوتکەرەکان، هێرشیان کردە سەر ماڵی چالاکێکی سیاسیی خەڵکی ئەو شارە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی کوردپا، پاش ناڕەزایەتیی خەڵکی ئاودانان لە ئێوارەی ١٢ی ڕێبەندانی ساڵی ١٤٠١ و هێنانەخوارەوەی پەیکەری بەسیج لە گۆڕەپانی سەرەکیی شاری ئاودانان، هێزە ئەمنییەتی - سەرکوتکەرەکان، گەمارۆی ماڵی پەژار مەلەکی، چالاکی سیاسی لە دەرەوەی وڵاتیان دا و دەستیان بە تەقەکردن و گازی فرمێسک‌ڕێژ، لە بنەماڵەی ئەو چالاکە سیاسییە کرد.

لە ئەنجامی ئەو هەوڵە سەرکوتکەرانەیەدا، برایەکی ئەو چالاکە سیاسییە بە ناوی "ئەمین مەلەکی"، بەهۆی بەرکەوتنی گولــلەی ساچمەیی ڕووخساری بریندار کرا.

بنەماڵەی ئەو چالاکە سیاسییە لە ئەنجامی گازی فرمێسکڕێژ، تووشی خنکاوی هاتبوون و هەنووکە لە نەخۆشخانەدان.

پەژار مەلەکی، نووسەر و چالاکی سیاسیی کورد دانیشتووی هەرێمی کوردستانە، کە لە دەستپێکی ناڕەزایەتییە خەڵکییەکانی شاری ئاودانان، چەند جار هەڕەشەی "تێرۆر و ڕفاندنی" لێ کراوە.