ناوەندە ئەمنییەتییەکان مامۆستا ئیبراهیم کەریمی نەنەڵەیان ناچار بە داوای لێخۆشبوون لە ڕۆحانییەتی سەر بە حکوومەت کرد
ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە، بە تۆمارکردن و بڵاوکردنەوەی گرتە ڤیدیۆیەک لە مامۆستا ئیبراهیم نەنەڵە، پێشنوێژی مزگەوتی جامێعەی گوندی نەنەڵەی سنە، ناوبراوی ناچار بە داوای لێخۆشبوون لە مامۆستانی ئایینیی سەر بە حکوومەت کرد.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ڕۆژی هەینی ٢١ی ڕێبەندان، گرتە ڤیدیۆیەکی تۆمارکراو لە مامۆستا ئیبراهیم کەریمی نەنەڵە، کە کەمتر لە خولەکێکە، لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە لە کاناڵی تێلێگرامیی ئەو مامۆستا کوردە بڵاو بووەتەوە و لەو گرتە ڤیدیۆیەدا، مامۆستا ئیبراهیم داوای لێخۆشبوون لە مامۆستایانی سەر بە حکوومەت کردووە.
ئەو سەرچاوە ئاگادارە هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە، ئەو فیلمە لە ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە تۆمار کراوە و هێزە ئەمنییەتییەکان لە ڕێگای مۆبایلەکەی مامۆستا ئیبراهیمەوە، خستوویانەتە کاناڵەکەیەوە.
ئەو سەرچاوە ئاگادارە هەروەها دەڵێت: مۆبایلی ئەو مامۆستا کوردە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەستی بەسەردا گیراە و لە کۆنترۆڵی هێزە ئەمنییەتییەکاندایە.
ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: ئەو مامۆستا کوردە لە حەفتەی ڕابردوودا، هیچ پەیوەندییەکی تێلفۆنیی لەگەڵ بنەماڵەکەی نەبووە و لە گرتنی پارێزەر بێبەری کراوە.
مامۆستا ئیبراهیم کەریمی، لە کاتی ناڕەزایەتییە خەڵکییەکان ڕوو لە مامۆستایانی سەر بە حکوومەت وتبووی، بەهۆی وەرگرتنی ٥ میلیۆن تمەن پارە خۆتان و دینتان مەفرۆشن و لەگەڵ خەڵک بن.
ڕۆژی دووشەممە ١٠ی ڕێبەندان، مامۆستا ئیبراهیم نەنەڵە، بەبێ بەڵگەی یاسایی لە جاددەی مەریوان لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.