کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیدەربڕینی شەعبان محەممەدی بە حوکمەکەی بەڕێوە چوو

11:28 - 26 رێبەندان 2722

ڕۆژی دووشەممە ٢٤ی ڕێبەندان، کۆبوونەوەی پێڕاگەیشتن بە ناڕەزایەتیدەربڕینی شەعبان محەممەدی، چالاکی سێنفیی مامۆستایان و ئەندامی هەیئەتی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان- مەریوان، بە ئامادەبوونی پارێزەری دۆسییەکەی لە دادگای ئینقلابی مەریوان، بەڕێوەچوو.

کۆبوونەوەی دادگایی ئەو چالاکە سێنفییەی مامۆستایان، لە ڕێکەوتی ١٧ی سەرماوەز کە بە ئامادەنەبوونی خۆی بەڕێوە چووبوو، بە تۆمەتی "بێڕێزی بە ڕێبەری حکوومەتی ئێران، پڕوپاگەندە دژی نیزام و ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکان" بە ٥ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوو.

شەعبان محەممەدی پاش ڕاگەیاندنی ئەو حوکمە بە پارێزەرەکەی بەنیسبەت حوکمەکە ناڕەزایەتیی دەربڕیبوو و داوای پێڕاگەیشتنی کردبوو.

ڕۆژی شەممە ٢٩ی گەلاوێژ، شەعبان محەممەدی ئەندامانی هەیئەتی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان - مەریوان، پاش ١٠٠ ڕۆژ دەسبەسەری بە دانانی بارمتەی ٢ میلیارد تمەنی لە زیندانی ئێڤین ئازاد کرا.

شەعبان محەممەدی، ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی بانەمەڕ، پاش چوونەدەرەوە لە ماڵەکەی و لە گۆڕەپانی "باوەڕەشی"ی مەریوان لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو و لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەوە بۆ بەندی ئەمنییەتیی زیندانی ئێڤین ڕاگوێزرابوو.

ناوبراو پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی، لە بەندی ٢٠٩ی ئەمنییەتیی زیندانی ئێڤینەوە بۆ بەندی گشتیی ئەو زیندانە، ڕاگوێزرابوو.

پێشتریش لە ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی ڕێبەندانی ساڵی ١٤٠٠دا، شەعبان محەممەدی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و ڕۆژی پێنجشەممە ٥ی ڕەشەمەی هەمان ساڵ، بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی هەتا کاتی دادگاییەکەی لە زیندانی مەریوان ئازاد کرابوو.