مەسعوود کوردپوور لە زیندانی بۆکان ئازاد کرا

11:23 - 26 رێبەندان 2722

ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی ڕێبەندان، مەسعوود کوردپوور، بەڕێوەبەری ئاژانسی هەواڵی موکریان، لە زیندانی بۆکان ئازاد کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو ڕۆژنامەنووس و چالاکی مافی مرۆییە نە خۆی و نە پارێزەرەکەی بە هیچ شێوەیەک داوای لێخۆشبوونیان نەکردووە و ئازادکردنی ناوبراو بەبێ ئاگاداریی پێشووی خۆی بووە.

مەسعوود کوردپوور لەلایەن دادگای ئینقلابی بۆکانەوە، بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە ٩ مانگ زیندان و "تێکدانی نەزمی گشتی" بە ٨ مانگ زیندان مەحکووم کرابوو.

مەسعوود کوردپوور ڕۆژی سێشەممە ٢٩ی خەرمانانی١٤٠١، لە ماڵەکەی خۆیدا، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ، کرابوو.

ئەو ڕۆژنامەنووسە کوردە پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی بۆ زیندانی میاندواو و دواتر بۆ زیندانی بۆکان، ڕاگوێزرابوو.

مەسعوود کوردپوور پێشتریش چەند جارێک لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و  بە زیندان مەحکووم کرابوو.