سێ هاووڵاتیی کورد بە دانانی بارمتەی قورس لە زیندانی نەغەدە ئازاد کران

11:20 - 26 رێبەندان 2722

ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی ڕێبەندان، سێ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "سینا دەشمیر" تەمەن ١٩ ساڵ کوڕی کەماڵ، "قادر محەممەدپوور" تەمەن ٣٥ ساڵ کوڕی عەزیز و "موحسن قادری" تەمەن ٢٩ ساڵ کوڕی تاهیر، خەڵکی گوندی " گەزگەسک" سەر بە شاری پیرانشار، هەر کامەیان بە دانانی بارمتەی ٤ میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی، لە زیندانی نەغەدە ئازاد کران.

ئەو سێ هاووڵاتییە لەو ماوەیەدا، لە گرتنی پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەیان، بێبەری کرابوون.

ئەم سێ هاووڵاتییە، سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی بەفرانبار، بەبی بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ، کرابوون.

ئەم سێ هاووڵاتییە پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەیان، بۆ زیندانی نەغەدە ڕاگوێزرابوون و تاکوو ئێستا هیچ زانیارییەک لەمەڕ تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەوان لەبەر دەستدا نییە.

وێنە لە ڕاستەوە و بۆ چەپ: سینا دەشمیر، موحسن قادری و قادر محەممەدپوور