زیندانی نەغەدە؛ ئەحمەد عەبدوڵڵاپوور بە دانانی بارمتەی ٣ میلیارد تمەنی ئازاد کرا

11:16 - 26 رێبەندان 2722

ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی ڕێبەندان، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "ئەحمەد عەبدوڵڵاپوور" خەڵکی پیرانشار، بە دانانی بارمتەی ٣ میلیارد تمەنی، بە شێوەی کاتی هەتا کاتی دادگاییەکەی، لە زیندانی نە‌غەدە ئازاد کرا.

ئەو هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، لە گرتنی پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی، بێبەری کرابوو.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی بەفرانبار، ئەحمەد عەبدوڵڵاپوور لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە و بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ کرابوو.

ئەو هاووڵاتییە پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی، بۆ زیندانی نەغەدە ڕاگوێزرابوو.

هەتا ئێستا، لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتی وەپاڵدراو دژی ئەو هاووڵاتییە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

ئەحمەد عەبدوڵڵاپوور، ڕۆژی دووشەممە ١٩ی سەرماوەزی ساڵی ٩٧، بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو و ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی ڕێبەندانی هەمان ساڵ، بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران"، لەلایەن لقی ١٠٢ی دادگای کەیفەریی پیرانشارەوە، پێنج مانگ زیندانی تەعزیریی بەسەردا سەپابوو. حوکمی ئەو هاووڵاتییە بە (تسلیم بە رأی)، بۆ ٣ مانگ و ١٥ ڕۆژ زیندان، بە هەژمارکردنی ڕۆژانی پێشووی دەسبەسەرییەکەی کەم کرابووەوە.

ڕۆژی شەممە ٩ی ڕەشەمەی ساڵی ٩٩، ئەو هاووڵاتییە بۆ جێبەجێکردنی ماوەی زیندانییەکەی ڕەوانەی زیندانی نەغەدە کرابوو و پاش تەواوبوونی ماوەی زیندانییەکەی مانگی خاکەلێوەی ساڵی ١٤٠٠، ئازاد کرابوو.