مامۆستایەکی ئایینی لەلایەن هێزه ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا

16:57 - 25 رێبەندان 2722

ڕۆژی سێشەممە ۲٥ی ڕێبەندان، مامۆستا فەتحوڵڵا ڕۆستەمی، پێشنوێژی هەینیی و مامۆستای ئایینیی گوندی "مەرەغان"ی شاری سەردەشت، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار، ڕاگوێزرا.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو مامۆستا کوردە بۆ یارمەتیگەیاندن بە بوومەلەرزەلێدراوانی شاری خۆی، چووبووە ئەو شارە و لە شوێنی چوونەژوورەوەی شاری ورمێ، بەبێ بەڵگەی یاسایی، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراوە.

هەتا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتی وەپاڵدراو دژی مامۆستا فەتحوڵڵا هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

بەپێی ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا، لە سەرەتای خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکانەوە هەتا ئێستا، ۲۷ مامۆستای ئایینیی کورد بانگهێشت و دەسبەسەر کراون.