ئەمیر بابولی بە دانانی بارمتەی ٤ میلیارد و ٦٠٠ میلیۆن تمەنی ئازاد کرا

12:06 - 25 رێبەندان 2722

ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی ڕێبەندان، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "ئەمیر بابولی" خەڵکی گوندی "لەج"ی شاری مەهاباد، بە دانانی بارمتەی ٤ میلیارد و ٦٠٠ میلیۆن تمەنی، لە زیندانی ئەو شارە ئازاد کرا.

ئەو هاووڵاتییە هەتا کاتی دادگاییەکەی لە زیندانی مەهاباد، بە شێوەی کاتی ئازاد کراوە.

ڕۆژی شەممە ٢٥ی پووشپەڕ، ئەمیر بابولی" خەڵکی گوندی "لەج"ـی شاری مەهاباد لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە، بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرابوو و بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ، ڕاگوێزرابوو.

ئەمیر بابولی پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی، بۆ زیندانی مەهاباد ڕاگێزراوە و لەو ماوەیەدا، لە چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و گرتنی پارێزەر، بێبەری کراوە.

هەتا ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتی وەپاڵدراو دژی ئەو هاووڵاتییە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.