سۆما و سروە پوورمحەممەدی بە دانانی بارمتە ئازاد کران

11:02 - 25 رێبەندان 2722

ڕۆژی دووشەممە ٢٤ی ڕێبەندان، سۆما و سروە پوورمحەممەدی، لە ئەندامانی ئەنجومەنی فەرهەنگی - کۆمەڵایەتیی "نۆژین"، بە دانانی بارمتە هەتا کاتی دادگاییەکەیان بە شێوەی کاتی ئازاد کران.

ئەو دوو خوشکە هەر کامەیان بە دانانی بارمتەی ١ میلیارد تمەنی لە کانوونی ئیسڵاح و تەربییەتی سنە، ئازاد کراون.

ئەو دوو ئەندامەی ئەنجومەنی "نۆژین" ، لە گرتنی پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەیان بێبەری کرابوون.

ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی بەفرانبار، سۆما پوورمحەممەدی، مامۆستای زمانی کوردی و ئەندامی هەیئەتی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی فەرهەنگی - کۆمەڵایەتیی "نۆژین"، لە کاتی بەدواداچوون بۆ دۆسییەی هاوژینەکەی، ئیدریس مینبەری لە دادگای ئینقلابی سنە، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.

هەروەها، ڕۆژی یەکشەممە ٩ی ڕێبەندانیش، سروە پوورمحەممەدی، ئەندامی ئەنجومەنی فەرهەنگی - کۆمەڵایەتیی "نۆژین" و خوشکی سۆما پوورمحەممەدی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.

هەتا ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتی وەپاڵدراو دژی ئەو دوو خوشکە، زانیارییەک  لەبەر دەستدا نییە.