بەردەوامیی دەسبەسەری و ناڕوونیی چارەنووسی پژمان یاسمی لە زیندانی ئیلام

17:35 - 24 رێبەندان 2722

پژمان یاسمی، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی ئاودانان، سەرەڕای نزیک بە سێ مانگ لە کاتی دەسبەسەرکرانی، هەتا ئێستا چارەنووسی ناڕوونە و لە زیندانی ئیلام ڕاگیراوە.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هاووڵاتییە کوردە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی، بێبەری کراوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: دادستانی ئاودانان ڕێگریی لە ناردنی دۆسییەی ئەو هاووڵاتییە کوردە بۆ دادسەرا کردووە و هەتا ئێستا کۆبوونەوەی دادگاییکردنی بەڕێوە نەچووە.

پژمان یاسمی لە ڕێکەوتی ٢ی سەرماوەز، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئیلام، بۆ زیندانی ناوەندیی ئەو شارە، ڕاگوێزرا.

ئەو هاووڵاتییە کوردە خێزاندارە و منداڵێکی هەیە.

هەتا ئێستا لە تۆمەتی‌ وەپاڵدراو دژی ئەو هاووڵاتییە کوردە، زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی ڕێبەندان، پەیام یاسمی، برای پژمان یاسمی، لە ڕێگای دینارکێوی ئاودانان، بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.