بڕیاری دەسبەسەرکرانی کاتیی مامۆستا یوونس نەوخا بۆ ماوەی ١٥ ڕۆژی دیکە درێژ کرایەوە

11:19 - 24 رێبەندان 2722

بڕیاری دەسبەسەرکرانی مامۆستا یوونس نەوخا، لە مامۆستایانی قوتابخانەی زانستی دینیی سەلاحەدینی ئەیووبیی شاری پیرانشار، بۆ ماوەی ١٥ ڕۆژی دیکە درێژ کرایەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو مامۆستا کوردە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ، لە ژێر لێکۆڵینەوەدا بووە و هەتا ئێستا لە گرتنی پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی، بێبەری کراوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: ئەو مامۆستا کوردە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە ئازار و ئەشکەنجە کراوە.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە ٤ی ڕێبەندان، مامۆستا یوونس نەوخا لە جاددەی پەسوێ - پیرانشار، بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.

ڕۆژی دووشەممە ٢٦ی بەفرانبار، ئەو مامۆستا کوردە، لەلایەن لقی ٦ی دادگای تایبەت بە ڕۆحانییەتی تەورێز بە سەرۆکایەتیی دادوەر "عەلی ئەسغەر هوشیار" بە زیندان و لێوەرگرتنەوەی جلوبەرگی مامۆستایەتی مەحکووم کرا.