مامۆستا شەریف مەحموودپوور و مامۆستا سەید سلێمان ئەحمەدی بە دانانی بارمتە ئازاد کران

11:09 - 24 رێبەندان 2722

ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی ڕێبەندان، مامۆستا شەریف مەحموودپوور، پێشنوێژی مزگەوتی ڕەسوولوڵڵای پەسوێی پیرانشار و مامۆستا سەید سلێمان ئەحمەدی، لە مامۆستایانی قوتابخانەی زانستی دینیی سەلاحەدینی ئەیووبیی پیرانشار، بە دانانی بارمتە لە زیندانی ورمێ، ئازاد کران.

ئەو مامۆستا کوردانە هەر کامیان بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی هەتا کاتی دادگاییەکەیان لە زیندانی ورمێ، ئازاد کراون.

ئەو دوو مامۆستایە پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەیان لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ، بۆ زیندانی ئەو شارە ڕاگوێزرابوون و لەو ماوەیەدا، لە گرتنی پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان، بێبەری کرابوون.

ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ٣ی ڕێبەندان، مامۆستا شەریف مەحموودپوور پاش خوێندنەوەی بەیاننامەی مامۆستایانی ئایینیی شاری پیرانشار و دەورووبەری لەمەڕ لەسێدارەدانەکانی ئەم دواییانە، دەسبەسەرکرانە خۆسەرانەکان، ئەشکەنجەی زیندانییان و سەپاندنی سزای کەیفەری بۆ ئەوان، بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و لەلایەن ئەو هێزانەوە بێڕێزیان، پێ کرابوو.

هەروەها سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ٣ی ڕێبەندان، مامۆستا سەید سلێمان ئەحمەدی لە جاددەی پەسوێ - پیرانشار، بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.