هەمەدان؛ هاووڵاتییەکی کورد بە زیندان و سزا تەکمیلییەکان مەحکووم کرا

11:48 - 23 رێبەندان 2722

هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "قوباد یاری" کوڕی محەممەدعەلی، خەڵکی گوندی "تاج‌ئاوا"ی شاری بەهار سەر بە پارێزگای هەمەدان، لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەری ٢ی ئەو شارە، بە سەرۆکایەتیی دادوەر "مورتزا غوڵامی‌جەلال" بە ٩١ ڕۆژ زیندانی تەعزیری، بە هەژمارکردنی ماوەی دەسبەسەرکرانی پێشووی و سزا تەکمیلییەکان، مەحکووم کرا.

دادگا ئەو هاووڵاتییە کوردەی بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام لە بەرژەوەندیی گرووپە دژبەر و جیاخوازەکان (بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست لە ڕێگای تۆڕە موخابراتییەکانەوە)، تاوانبار کردووە و بۆ دۆزینەوەی لایەنەکانی کەمکردنەوەی سزاکەی، بڕیاری هەڵپەساردنی بۆ ماوەی ساڵێک دەر کراوە.

بەپێی حوکمی دادگا، لە ماوەی دەورانی هەڵپەساردنی ئەم هاووڵاتییەدا لە ڕاستای جێبەجێکردنی ماددەی ٤٨ی چاوەدێر بەسەر ماددەی ٤٢ی یاسای سزای ئیسلامیدا، ناوبراو دەبێ لە ماوەی سێ مانگدا کتێبی "ویلایەتی فەقیهـ"ی دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بخوێنێتەوە و کورتەیەک لەو کتێبە بنووسێتەوە و دواتر بە سەردانکردنی یەکە عەقیدەتییەکانی سپای قەزای شاری بەهار و بە گرتنی کۆنفرانسێک لەو یەکەیە و باس کردن لەسەر ئەو کتێبە، شایەتیدانی ئەو یەکەیە وەربگرێت و ڕادەستی بەشی جێبەجێكردنی یاسا کەیفەرییەکانی دادسەرای گشتی و ئینقلابی بەهاری بکات.

ئەو هاووڵاتییە مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵ، لەلایەن ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر و پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی، بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.

مۆبایلی ئەو هاووڵاتییە کوردە، پاش ٨٢ ڕۆژ بە مەرجی ڕادەستکردنی ٢٣ بەرگ کتێب لە کتێبە وەڕگێڕدراوەکانی محەممەد قازی، بە ئیتلاعاتی سپا وەرگیردراوەتەوە.