سەلاح ئازادی، چالاکی سێنفیی مامۆستایان بە ساڵێک زیندان مەحکووم کرا

11:01 - 23 رێبەندان 2722

سەلاح ئازادی، چالاکی سێنفیی مامۆستایان و ئەندامی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان - مەریوان، بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام"، لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی مەریوانەوە، بە ساڵێک زیندان مەحکووم کرا.

ڕۆژی چوارشەممە ١١ی جۆزەردانی ئەمساڵ، کۆبوونەوەی پێڕاگەیشتن بە تۆمەتە وەپاڵدراوەکانی ناوبراو لە دادگای ئینقلابی مەریوان بەڕێوە چووبوو.

ئەو چالاکە سێنفییە بە تۆمەتەکانی "پڕوپاگەندە دژی نیزامی کۆماری ئیسلامی، تێکدانی بیروڕای گشتی و لایەنگەری لە حیزبە کوردییەکان لە ڕێگای دانانی فیلم و وێنە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان" بانگهێشتی دادگای مەریوان کرابوو.

ڕۆژی شەممە ٢٧ی خاکەلێوە، سەلاح ئازادی بۆ داکۆکی‌کردن لە خۆی لەمەڕ تۆمەتە ‌وەپاڵدراوەکانی لە لقی ١ی لێپرسینەوەی دادگای ئینقلابی ئەو شارە ئامادە بوو و لە کۆتایی لێپرسینەوەکەی‌دا بە دانانی کەفاڵەت هەتا کاتی دادگاییەکەی ئازاد کرابوو.

ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی خاکەلێوە، سەلاح ئازادی بانگهێشتی پۆلیسی فەتای مەریوان کرابوو و پاش لێپرسینەوە، دەستیان بەسەر مۆبایلەکەی‌دا گرتبوو و دۆسییەکەیان ڕەوانەی لقی ١ی لێپرسینەوەی دادگای ئینقلابی مەریوان کردبوو.