سنە؛ بەردوامیی دەسبەسەرکران و ناڕوونیی چارەنووسی سیروان محەممەدی

11:11 - 22 رێبەندان 2722

لە چارەنووسی سیروان محەممەدی، هاووڵاتیی خەڵکی سنە، پاش دەسبەسەرکرانی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە، زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هاووڵاتییە کوردە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کراوە.

ڕۆژی یەکشەممە ١٦ی ڕێبەندان، سیروان محەممەدی  بەبێ بەڵگەی یاسایی و بۆ دووهەمین جار لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بنەماڵەکەشی هیچ زانیارییەکیان لەمەڕ چارەنووسی ناوبراو نییە.

هێزە ئەمنییەتییەکان لە کاتی دەسبەسەرکردنی سیروان محەممەدی‌دا برایەکی ناوبراو بە ناوی "ئیبراهیم"یان بەتوندی ئازار و ئەشکەنجە دابوو.

ئەو هاووڵاتییە ڕێکەوتی ٢٥ی خەزەڵوەر، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو و بۆ گرتنگەی ئەمنییەتیی شارامفەر، ڕاگوێزرابوو.

ناوبراو لە ١٧ی بەفرانباردا، پاش دوو مانگ ئەشکەنجەکران و لێپرسینەوە بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

لە ماوەی دوو مانگ دەسبەسەرکرانی سیروان محەممەدی‌دا، لەسەر داوای دادستانی گشتی و ئینقلابی سنە، بنەماڵەی ئەو لاوە کوردە بۆ ماوەی نیو کاتژمێر، لە گرتنگەی ئەمنییەتیی شارام‌فەر، چاویان بە سیروان کەوتبوو.

دۆسییەی ئەو هاووڵاتییە لە ڕێکەوتی ١ی سەرماوەز، بە تۆمەتی "تێکدانی نەزم و ئاسایشی گشتی" لە دادسەرای گشتی و ئینقلابی سنە، تۆمار کراوە.

عەلیڕەزا فاریابی، لێپرسی لقی ١ی داسەرای گشتی و ئینقلابی سنە، لە ڕێکەوتی ١٨ی بەفرانبار، لە نامەیەکدا بۆ ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپا، خوازیاری دانەوەی کەرەستە کەسییەکانی سیروان بوو کە دەستییان بەسەردا گیرابوو، بەڵام ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپا، دژایەتیی لەگەڵ ئەو داخوازییە کردبوو.

دادستان و لێپرسی لقی ١ی دادسەرای گشتی و ئینقلابی سنە، لە ڕێکەوتی ٨ی ڕێبەندان بۆ دووهەمین جار لە نامەیەکدا، بۆ ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سنە، جارێکی ترخوازیاری دانەوەی کەرەستە دەسبەسەرگیراوەکانی سیروان بوون بەڵام ئەو ڕێکخراوە ئەمنییەتییە، دووبارە ئەو داخوازییەی ڕەت کردبووەوە.

چەند وێنەیەک لە سی تی ئێسکەنی جەستەی سیروان محەممەدی کە پاش ئازادکردنی کاتیی گیراون: