زارا محەممەدی وێڕای ڕەتکردنەوەی لێخۆشبوونی ڕێبەری لە زیندان دەر کرا

10:58 - 22 رێبەندان 2722

زارا محەممەدی، مامۆستای زمانی کوردی و ئەندامی ئەنجومەنی فەرهەنگی - کۆمەڵایەتیی نۆژین" بە بڵاوکردنەوەی گرتە ڤیدیۆیەک لە لاپەڕەی ئینستاگرامی خۆیدا، ڕایگەیاندووە کە بەبێ ئاگاداریی ئەو، بنەماڵەکەی و پارێزەری دۆسییەکەی، دۆستان و ئەندامانی "نۆژین، کاتژمێر ٧ی ئێوارەی ڕۆژی هەینی ٢١ی ڕێبەندان، بەبێ ئەوەیکە داوای لێخۆشبوونی کردبێت، بەپەلە لە ماوەی پێنج خولەکدا، لە زیندان دەر کراوە.

زارا محەممەدی لەم گرتە ڤیدیۆییەدا ئاماژە بەوە دەکات کە خۆی پێشتر بە بەرپرسانی زیندان و لە ڕێگەی پارێزەرەکەشیەوە بە دادگای ڕاگەیاندووە کە بە هیچ شێوازێک داوای لێخۆشبوون ناکات و ئەم داخوازییەی قەبووڵ نییە.

ناوبراو دەڵێ: بڕوای بە ڕاستیی ڕێگاکەی هەیە و هەروا کە دەسبەسەرکران و مەحکووم‌کرانیشی بێ ئاگاداری خۆی بووە، هاتنەدەرەوەشی لە زیندان بە دەستی خۆی نەبووە.

زارا محەممەدی لە کۆتایی ئەو گرتە ڤیدیۆییەدا جەخت دەکاتەوە کە باوەڕی بە ڕێگا و ڕێبازێک هەیە کە لەبەری گرتووە و تا کۆتایی تەمەنیشی درێژە بە خواستەکانی خۆی دەدات.

دەقی قسەکانی زارا محەممەدی لەم گرتە ڤیدیۆییەدا بەم چەشنەیە:

تا چرای ئێمە نەسووتێ ئێوە هەرگیز ڕووناکایی نابینن بە چاوی خۆتان

کوردستانییانی خۆڕاگر بەرخودانتان باش

بە ئاگاداریی ئێوەی هێژا دەگەیێنم کە بە بێ‌ ئاگاداری خۆم و بنەماڵەم و هاوڕێیان و ئەندامانی ئەنجومەنی نۆژین و پارێزەری بەڕێزم، درەنگانی ئەمڕۆ هەینی کاتژمێر ٧ی ئێوارە بە بێ هیچ داواکارییەک بەتایبەت داواکاریی لێبوردن بە شێوازێکی بەپەلە و لە ماوەی ٥ خولەکدا لە بەندیخانە دەرکرام.

من پێشتر هەم خۆم بە بەندیخانەم ڕاگەیاندبوو هەم لە ڕێگای پارێزەکەمەوە بە دەزگای دادوەری ڕامگەیاندبوو کە بەهیچ شێوازێک داخوازیی لێبوردن پێشکەش ناکەم و ئەم داخوازییەم قەبووڵ نییە چونکە باوەڕم بە ڕاستی ڕێگاکەم هەیە.

چۆن دەسبەسەرکردنم و داسەپاندنی سزا بەدەستی خۆم نەبوو، هاتنەدەرەوەشم بەدەستی خۆم نەبوو.

من باوەڕم بە ڕێگا و بیرەکانم هەیە و تا کۆتایی ژیانم درێژەدەری بیر و ڕێگا و ئامانجەکەمم.

ڕۆژی دووشەممە ١٨ی بەفرانباری ساڵی ١٤٠٠، زارا محەممەدی، پاش بانگهێشتکرانی بۆ بەشی بەڕێوەبردنی حوکمەکانی دادگوستەریی سنە، ڕەوانەی کانوونی ئیسڵاح و تەربییەتی ئەو شارە کرا.

حوکمی دە ساڵ زیندانی تەعزیریی زارا محەممەدی، مامۆستای زمانی کوردی و ئەندامی ئەنجومەنی فەرهنگی ـــ کۆمەڵایەتیی "نۆژین"، لە لقی چواری دادگای پێداچوونەوەی سنە، بە سەرۆکایەتیی دادوەر "مستەفا تەیاری"، بۆ پێنج ساڵ زیندانی تەعزیری گۆڕدرا.

"زارا محەممەدی"، بە تۆمەتی "دانانی دەستە و گرووپ دژ بە نیزام بە مەبەستی تێکدانی ئەمنییەتی نەتەوەیی"، لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی سنەوە، ۱۰ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپابوو.

دوایین دادگاییکردنی "زارا محەممەدی" ڕێکەوتی ٢٧ی ڕێبەندانی ٩٨، لە لقی ١ی دادگای ئینقلابی سنە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "سەعیدی" بەڕێوە چووبوو و ڕۆژی سێشەممە ٢٤ی پووشپەڕی ٩٩، حوکمی ١٠ ساڵ زیندانییەکەی بە پارێزەرەکەی ڕاگەیەندرابوو.

ڕۆژی دووشەممە ١١ی سەرماوەزی ٩٨، زارا محەممەدی بە دانانی بارمتەی ٧٠٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی لە گرتنگە ئازاد کرابوو.

زارا محەممەدی"، ٢ی جۆزەردانی ٩٨، لەلایەن هێزە لیباس شەخسییەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە ماڵەکەی خۆیدا دەسبەسەر کرا و هەتا ١٠ی جۆزەردانی هەمان ساڵ لە شوێنیکی نادیار لە ژووری تاکەکەسیدا بوو و دواتر بۆ زیندانی سنە ڕاگوێزرا و شوێنی ڕاگیرانەکەی بە بنەماڵەکەی ڕاگەیەندرا. دواتر زارا محەممەدی، لە ڕەوتی چاوپێکەوتنێک لەگەڵ بنەماڵەکەی، وتبووی کە لە ماوەی ئەو هەشت ڕۆژەدا کە لە ژووری تاکەکەسی بووە لەژێر گوشاردا بووە هەتا دانپێدانانی زۆرەملێی لێ وەربگرن.