ورمێ؛ هاووڵاتییەکی کورد بە تەقەی هێزە حکوومەتییەکان گیانی لەدەست دا

10:23 - 22 رێبەندان 2722

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠ی ڕێبەندان، لاوێکی کورد بە ناوی "داریا میکائیلی" تەمەن ٢٣ ساڵ کوڕی تەیمەن خەڵکی گوندی "کەلەڕەش"ی شاری سەڵماس، کە بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت بریندار کرابوو، لە نەخۆشخانەی "خومەینی"ی ورمێ، گیانی لەدەست دا.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، حەوت ڕۆژ پێش، هێزە نیزامییەکان لە گەڕەکی "کوشتارگا"ی ورمێ، بە گومانی پێبوونی شتومەکی قاچاخ، تەقەیان لە ماشینی ئەو هاووڵاتییە کوردە، کردبوو.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ڕایگەیاند: ئەو لاوە کوردە بەهۆی بەرکەوتنی گولــلە، لاق و قوڕگی بریندار کرابوو.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو تەقەیان لە داریا میکائیلی، کردبوو.

هەتا ئێستا تەرمی ئەو لاوە کوردەیان ڕادەستی بنەماڵەکەی، نەکردووەتەوە.