پیرانشار؛ دوو هاووڵاتیی کورد بە زیندان مەحکووم کران

12:21 - 21 رێبەندان 2722

دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "حاسڵ عومەری" و "ئومید ئازادداوەر"، لەلایەن لقی ١٠٢ی دادگای کەیفەری ٢ی پیرانشار، بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ئەمیر محەممەدی" بە زیندان مەحکووم کران.

بەپێی بڕیاری سەرەتایی دادگا، ئومید ئازادداوەر بە تۆمەتی "کۆبوونەوە و تەبانی دژی ئەمنییەتی نەتەوەیی وڵات" بە سێ ساڵ و ٧ مانگ زیندان مەحکووم کرا و حاسڵ عومەری بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە ٨ مانگ زیندان مەحکووم کرا.

ئەم دوو هاووڵاتییە هەروەها لە تۆمەتی "تێکدانی نەزم و ئاسایشی گشتی" بێتاوان، ناسران.

ڕۆژی دووشەممە ٢٣ی خەزەڵوەر، ئومید ئازادداوەر خەڵکی پیرانشار، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و دواتر بە دانانی بارمتە هەتا کاتی دادگاییەکەی لە زیندانی نەغەدە، ئازاد کرابوو.

حاسڵ عومەری خەڵکی پیرانشار، لە ڕێکەوتی ٢١ی خەزەڵوەر، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و ڕۆژی چوارشەممە ١٦ی سەرماوەز، بە دانانی بارمتە لە زیندانی نەغەدە ئازاد کرابوو.

ئەو دوو هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیانیدا، لە گرتنی پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان، بێبەری کرابوون.

وێنە لە ڕاستەوە بۆ چەپ: ئومید ئازادداوەر و حاسڵ عومەری