سنە؛ خۆپیشاندەرێک بە سێ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا

16:17 - 20 رێبەندان 2722

خۆپیشاندەرێک بە ناوی "سیامەک داوودی" کوڕی محەممەدسدیق، لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی سنەوە بە سێ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا.

دادگا ئەو هاووڵاتییە کوردەی بە "کۆبوونەوە و تەبانی بەمەبەستی ئەنجامدانی تاوان دژی ئەمنییەتی نێوخۆیی/دەرەوە" تۆمەتبار کردووە و بەپێی ماددەی ٦١٠ یاسای سزای ئیسلامی بەشی تەعزیرات و ماددەی ٢ لە یاسای کەمکردنەوەی سزا تەعزیرییەکان، لە ڕوانگەی ئەمنییەتی بوونی تاوانەکە و شوێنەواری تاوانەکە، ناوبراوی بە سێ ساڵ زیندانی تەعزیری بە هەژمارکردنی ماوەی دەسبەسەرکرانی پێشووی مەحکووم کردووە.

ئەو حوکمە بۆ ماوەی ٢٠ ڕۆژ شیاوی پێداچوونەوە لە دادگای پێداچوونەوەی سنەیە و بڕیاری دادگا لە ڕێکەوتی ١ی ڕێبەندان بە سیامەک داوودی ڕاگەیەندراوە.

ئەو هاووڵاتییە پاش پێڕاگەیاندنی حوکمەکەی، بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی هەتا کاتی کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادڕەسی بە شێوەی کاتی لە زیندانی سنە، ئازاد کرابوو.

سیامەک داوودی ئارایشگەرە و ڕۆژی پێنجشەممە ٥ی خەزەڵوەر، لە شەقامی سیرووس لە شوێنی کارەکەی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراوە و بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە، ڕاگوێزرابوو.

ئەو لاوە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە بە توندی ئازار و ئەشکەنجە درابوو.