ناڕوونیی چارەنووسی سۆما پوورمحەممەدی و سروە پوورمحەممەدی لە کانوونی ئیسلاح و تەربییەتی سنە

11:27 - 20 رێبەندان 2722

سۆما پوورمحەممەدی و سروە پوورمحەممەدی، لە ئەندامانی ئەنجومەنی فەرهەنگی - کۆمەڵایەتیی "نۆژین" بە شێوەی ناڕوون لە کانوونی ئیسلاح و تەربییەتی سنە، ڕاگیراون.

ئەو دوو ئەندامەی ئەنجومەنی "نۆژین"، لە ماوەی دەسبەسەرکرانیاندا، لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەیان، بێبەری کراون.

ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی بەفرانبار، سۆما پوورمحەممەدی، مامۆستای زمانی کوردی و ئەندامی هەیئەتی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی فەرهەنگی - کۆمەڵایەتیی "نۆژین"، لە کاتی بەدواداچوون بۆ دۆسییەی هاوژینەکەی، ئیدریس مینبەری لە دادگای ئینقلابی سنە، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.

ڕۆژی یەکشەممە ٩ی ڕێبەندانیش، سروە پوورمحەممەدی، ئەندامی ئەنجومەنی فەرهەنگی - کۆمەڵایەتیی "نۆژین" و خوشکی سۆما پوورمحەممەدی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.