قەسری شیرین؛ دوو هاووڵاتیی ناڕازی بە زیندان و لێدانی قامچی مەحکووم کران

18:49 - 19 رێبەندان 2722

 دوو هاووڵاتیی ناڕازی بە ناوەکانی "پەیمان شیربەندی" تەمەن ٤٣ ساڵ کوڕی محەممەدعەلی و "مەهدی فەقیری قولی‌لالە" تەمەن ٢٥ ساڵ کوڕی محەممەد لە لایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەری ٢ی قەسری شیرین بە سەرۆکایەتیی دادوەر "جەواد خوسرەوی" و بە بێ بەشداریی خۆیان هەرکامە بە ٨ مانگ زیندانی تەعزیری و لێدانی ٥٠ قامچی مەحکووم کران.

دادگا ئەم دوو هاووڵاتییە ناڕازییەی بە "تێکدانی نەزم و ئاسایشی گشتی لە ڕێگەی هەڵسوکەوتی نائاسایی و ڕێگریکردن لە کار و کاسبیی خەڵک" بە تۆمەتبار ناساندووە و بە پێی ماددەی ٦١٨ی یاسای سزای ئیسلامی، پەسەندکراوی ساڵی ١٣٧٥، ئەم دوو هاووڵاتییەی بە هەشت مانگ زیندانی تەعزیری و لێدانی ٥٠ قامچی (بە کەمکردنەوە و حیساب‌کردنی ڕۆژانی دەسبەسەرکران) سزا داون.

 حوکمی ئەم دوو هاووڵاتییە بە بێ بوونی خۆیان و لە ڕێکەوتی ٩ی ڕێبەنداندا دەر کراوە و بۆ ماوەی ٢٠ ڕۆژ پاش ڕاگەیاندنی لە لقی ١٠١ی دادگای کەیفەری ٢ی قەسری شیرین دەکرێ ناڕەزایەتیی بەرانبەر دەرببڕدرێ و دوای تەواوبوونی ئەم ماوەیەش بۆ ماوەی ٢٠ ڕۆژ لە دادگاکانی پێداچوونەوەی پارێزگای کرماشاندا، دەکرێ داوای پێداچوونەوەی بۆ بکرێ.

 ئەم دوو هاووڵاتییە لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی قەسری شیرین‌دا لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە دەسبەسەرکرابوون و دوای تەواوکردنی پرۆسەی لێپرسینەوە بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوون.