بانە؛ هاووڵاتییەک بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکەی ڕەوانەی زیندان کرا

17:17 - 19 رێبەندان 2722

ڕۆژی سێشەممە ١٨ی ڕێبەندان، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "هوشیار شەعبانی"، تەمەن ٢٧ ساڵ، کوڕی محەممەد خەڵکی بانە، بە مەبەستی جێبەجێکرانی ماوەی زیندانییەکەی، دەسبەسەر کرا و بۆ زیندانی ئەم شارە ڕاگوێزرا.

 ئەم هاووڵاتییە لەلایەن دادگای ئینقلابی سەقز هەڵکەوتوو لە شاری بانە بە سەرۆکایەتیی دادوەر ئەکبەر میرزایی و بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە یەک ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا و لە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" بێ‌تاوان ناسێندرا.

 ئەم حوکمە لە ٢١ی ڕەشەمەی ساڵی ١٤٠٠ بەم هاووڵاتییە کوردە ڕاگەیەندرا.

 دادگا بەڕێوەچوونی هەشت مانگ سزای زیندانیکردنی ئەم هاووڵاتییەی بۆ ماوەی پێنج ساڵ هەڵپەسارد و قەراری هەڵپەساردنی ٨ مانگ لە سزاکەی بەشێوەیەک ڕاگەیەندراوە کە ناوبراو لەو ماوەیەدا ئەرکدار بکرێ بەوەی کە بەشێوەی دەورەیی خۆی بە ئیدارەی ئیتلاعاتی بانە بناسێنێ و بەڵگەی پێویستیش بۆ یەکەی بەڕێوەبردنی سزای کەیفەریی ئەو شوێنە بباتەوە کە حوکمەکەی لێ دەرکراوە.

ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی خەزەڵوەری ١٤٠٠، هوشیار شەعبانی بە دانانی بارمتە، بە شێوەی کاتی هەتا کۆتاییهاتنی قۆناغی دادڕەسییەکەی ئازاد کرابوو.

 هوشیار شەعبانی لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا بەهۆی خوێنبەربوونی گەدە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی بانەوە بۆ نەخۆشخانەی سەلاحەدین ئەیوبی ڕاگوێزرابوو.

 هۆکاری خوێنبەربوونی گەدەی ئەم هاووڵاتییە، گوشار و ئەشکەنجەکانی هێزە ئەمنییەتییەکان بووە.

 ئەم هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکردنیدا، لە دەسپێڕاگیشتن بە پارێزەر و هەروەها چاوپێکەوتن لە گەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کراوە.

 ڕۆژی پێنجشەممە ٤ی خەرمانانی ١٤٠٠، ئەم هاووڵاتییە بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.