بەردەوامیی دەسبەسەرکران و ناڕوونیی چارەنووسی هاووڵاتییەکی کورد
پاش تێپەڕبوونی یەک مانگ بەسەر دەسبەسەرکرانی فەرهاد مەلەکی خەڵکی گوندی "تەنگیسەر"، سەر بە شاری سنە و دانیشتووی شاری مەریوان، هیچ زانیارییەک سەبارەت بە چارەنووسی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم هاوڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کراوە.
ئەم سەرچاوە ئاگادارە هەروەها ڕایگەیاند: ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان بەمەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ و قەبووڵکردنی تۆمەتە وەپاڵدراوەکان، فەرهاد مەلەکیی خستووەتە ژێر گوشارەوە.
ئەم سەرچاوه ئاگاداره ڕایگەیاند: بنەماڵەی ئەم هاووڵاتییه چەندین جار بۆ ئاگاداربوون له بارودۆخی کوڕەکەیان سەردانی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوانیان کردووە و هێزه ئەمنیەتییەکان پێیان ڕاگەیاندوون که مەرجی ئازادکردنی فەرهاد مەلەکی قبوڵکردنی تۆمەتە وەپاڵدراوەکان و دانپێدانان بەو تۆمەتانەیە .
ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی سەرماوەز ئەم هاوڵاتییە لە شوێنی کارەکەی و لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.
هێزە ئەمنیەتییەکان پاش دەسبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییە، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکەی و پشکنینی ماڵەکەیان کردووە.
مۆبایلی فەرهاد مەلەکی و ئەندامانی بنەماڵەکەی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەستی بەسەردا گیراوە.