وردەکاریی نوێ سەبارەت بە شێوەی گیانلەدەستدانی پەیمان مینبەری لە ناڕەزایەتییەکانی شاری سنە
کوردپا لە وتووێژ لەگەڵ کەسێکی نزیکی پەیمان مینبەری، کۆمەڵێک زانیاریی نوێی سەبارەت بە شێوازی گیانلەدەستدانی ناوبراو دەست کەوتووە کە تێیدا ئاماژە بەوە کراوە کە پەیمان مینبەری لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانەوە بە کۆڵتی کەمەری و لە پشتەوە کراوەتە ئامانج.
ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: پەیمان مینبەری لە ناڕەزایەتییەکانی سنەدا، لە پشتەوە و بە کۆڵتی کەمەری لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانەوە کراوەتە ئامانج و بەهۆی بەرکەوتنی دڵی، دەستبەجێ گیانی لەدەست داوە.
ئەم سەرچاوە ئاگادارە هەروەها ڕایگەیاند: تەرمی پەیمان مینبەری پاش گیانلەدەستدانی گوازراوەتەوە بۆ پزیشکی دادوەری و لە بەڵگەی کۆچی دوایی ناوبراودا هۆکاری مەرگەکەی "بەرکەوتنی شتی تیژ یان سەخت" ڕاگەیەندراوە.
ئەم سەرچاوەیە هەروەها وتی: بنەماڵەی پەیمان مینبەری لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتی و قەزاییەکانەوە لەژێر گوشاردان کە بۆ تۆمارکردنی سکاڵا سەردانی دادگای ئینقلابی سنە بکەن، بەڵام ئەوان ئەم داخوازییەیان ڕەت کردووەتەوە.
ڕۆژی یەکشەممە، ٦ی سەرماوەز، بنەماڵەی پەیمان مینبەری بە فەرمی پێیان ڕاگەیەندرا کە بۆ تۆمارکردنی سکاڵا سەردانی لقی ٤ی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و ئینقلابی سنە بکەن، بەڵام ساحێبە وەیسی، دایکی پەیمان مینبەری داخوازییەکەی ڕەت کردەوە و ڕایگەیاند: "کۆماری ئیسلامیی ئێران بکوژی کوڕەکەی منە."
ماوەیەک پێش، دایکی پەیمان مینبەری لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا ڕایگەیاند کە "کۆماری ئیسلامی وڵام بداتەوە کە بۆچی خوێنی کوڕەکەم ڕژا؟"
ڕۆژی شەممە، ١٦ی ڕەزبەر، پەیمان مینبەری، تەمەن ٢٥ ساڵ، کوڕی ئەیووب و ساحێبە خەڵکی گوندی "نییەر"، دانیشتووی سنە، کە وەستای کاری نەردە ئێستیل بوو، لە ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکاندا بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان گیانی لەدەست دا.
تەرمی پەیمان مینبەری، کاتژمێر ٢ی نیوەشەوی ڕۆژی یەکشەممە ١٧ی ڕەزبەر بە بەشداریی ئەندامانی بنەماڵەکەی و هێزە ئەمنییەتییەکان لە بەهەشتی محەممەدی شاری سنە بە خاک سپێردرا.
پەیمان مینبەری لە دوایین ستۆریی ئینستاگرامەکەیدا نووسیبووی: " ئەمە دەبێتە باشترین شەممەی مێژوو، ناڕەزایەتی دەردەبڕین، مان دەگرین، بە قەولی خۆیان تێک دەدەین، ئێغتشاش دەکەین، کەسێک بیهەوێ ڕێگامان لێ بگرێ، لەگەڵی دەرگیر دەبین، بریندار بین، شەهید بین، شەقامەکانی شار دەکەینە جەهەنەم بۆیان، تا ئازادیی تەواوی خەڵکەکەم و بنەماڵەکەم و شارەکەم درێژە دەدەم."