دوو هاووڵاتی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران

12:14 - 18 رێبەندان 2722

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە ١٨ی ڕێبەندان، دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "ڕەزا بۆرەکە" و سەمیع ڕەسووڵی" خەڵکی پیرانشار، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.

دەسبەسەرکرانی ئەم دوو هاووڵاتییە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە بەبێ بەڵگەی یاسایی و هاوکات لەگەڵ لێدان و توندوتیژی بووە.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەتییەکان لە کاتی دەسبەسەرکردنی ئەو دوو هاووڵاتییە کوردەدا، دەستیان بە شکاندنی شووشە و دەرکەی ماڵەکەیان، کردووە.

ئەو سەرچاوە ئاگادارەی کوردپا هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: هێزە ئەمنییەتییەکان دەستیان بە سەر مۆبایڵی ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە و ئەندامانی بنەماڵەکانیاندا گرتووە و لەگەڵ خۆیان بردوویانە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتی وەپاڵدراو دژی ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە، زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.