مەسعوود شەمس‌نژاد و عوسمان موزەیەن پارێزەرایەتیی هێمن شاهی‌یان لە ئەستۆ گرت

10:45 - 18 رێبەندان 2722

مەسعوود شەمس‌نژاد و عوسمان موزەیەن پارێزەرایەتیی هێمن شاهی، یەکێک لە دەسبەسەرکراوەکانی خۆپیشاندانی شاری شنۆیان لە ئەستۆ گرت. ئەو هاووڵاتییە بە "موحاربە و افساد فی الارض" تۆمەتبار کراوە.

مەسعوود شەمس‌نژاد، پارێزەری دادگوستەری لەو بارەیەوە لە لاپەڕەی تویتێری خۆی‌دا نووسیویەتی: پاش ڕەوانەکردنی دۆسییەی بریگرتەکەم، هێمن شاهی بۆ لقی ٣ی دادگای ئینقلابی ورمێ و ڕەزامەندیی سەرۆکی دادگای پەیوەندیدار بۆ ناوبراو کە بە موحاربە و افساد فی الارض تۆمەتبار کراوە ، بە هاوکاری هاورێی خۆشەویستم عوسمان موزەیەن پارێزەرایەتییەکەمان لە ئەستۆ گرت. ناوبراو لە شاری شنۆ دەسبەسەر کراوە و لە ورمێ دادگایی دەکرێت، بە هیوای جێبەجێکرانی دادپەروەری.

هێمن(کاروان) شاهی تەمەن ٢٣ ساڵ، کوڕی یاسین ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ٢ی خەزەڵوەر، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپاوە دەسبەسەر کراوە و بەپێی زانیارییەکانی کوردپا، لە ماوەی لێپرسینەوەکەیدا، ئازار و ئەشکەنجەی توندی جەستەیی کراوە و یەکێک لە قامکەکانی دەستی شکاوە.

ئەو هاووڵاتییە هەنووکە لە زیندانی ورمێیە.