فەرشاد ئەحمەدی، هاووڵاتیی خەڵکی دێهلۆڕان بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی ڕەوانەی زیندانی ئێڤین کرا

10:37 - 18 رێبەندان 2722

ڕۆژی شەممە ٢٦ی بەفرانبار، فەرشاد ئەحمەدی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری دێهلۆڕان بۆ جێبەجێکردنی ماوەی زیندانییەکەی، ڕەوانەی زیندانی ئێڤین کرا.

هەواڵدەریی "هێرانا" سەبارەت بە بارودۆخی ئەو هاووڵاتییە ڕایگەیاندووە: "فەرشاد ئەحمەدی ماوەی دوو حەفتە پێش بۆ جێبەجێکردنی ماوەی زیندانییەکەی، ڕەوانەی زیندانی ئێڤین کرا. ناوبراو کە نەخۆشیی کەمیی کەلسیۆمی هەیە، لە چاوەدێریی پێویستی پزیشکی لە زیندان، بێبەری کراوە".

ئەو هاووڵاتییە لە ڕێکەوتی ٢٠ی سەرماوەز، لەلایەن لقی ١٥ی دادگای ئینقلابی شاری تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ئەبولقاسم سەڵواتی" بە تۆمەتی "کۆبوونەوە و تەبانی دژی ئەمنییەتی نەتەوەیی" بە دوو ساڵ زیندانی تەعزیری و پێنج ساڵ زیندانی تەعلیقی، مەحکووم کرابوو.

ئەو هاووڵاتییە کوردە مانگی بانەمەڕی ئەمساڵ، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە شاری تاران دەسبەسەر کرابوو و بۆ زیندانی ئێڤین ڕاگوێزرابوو. لە کۆتاییدا، لە ڕێکەوتی ٢٥ی خەرمانان، بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.