شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی؛ دەسبەسەرکردن و بانگهێشتی ٢٦ مامۆستا و خوێندکاری ئایینیی سوننە مەزهەب لە کوردستان

16:04 - 17 رێبەندان 2722

هاوکات لەگەڵ دەسپێکی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی دوابەدوای قەتڵی حکوومەتیی ژینا-مەهسا ئەمینی لە کوردستان و ئێران، مامۆستایانی سوننە مەزهەبی کورد لە شارەکانی کوردستان لەو کەسانە بوون کە بە وتاردان لەسەر مەزاری گیانلەدەستداوان و لە نوێژی هەینی‌دا و هەروەها بە بڵاوکردنەوەی بەیانییەی بەکۆمەڵ لە مزگەوتەکان‌دا، پشتیوانییان لە ناڕەزایەتییەکانی خەڵک کرد و ناڕەزایەتیی خۆیان بەرانبەر بە سەرکوت و توندوتیژیی حکوومەت نیشان دا.

ئەم کردەوە بەکۆمەڵەی مامۆستایانی ئایینی لە شارەکانی پیرانشار و شنۆ هەتا سنە و دێولان و جوانڕۆ، بووە هۆی دەسبەسەرکران، بانگهێشتکران، دۆسییەسازی و هەروەها دەرکرانی حوکمی حکوومەتی بۆ مامۆستایان و کەوتنە ژێر گوشاریان لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانەوە.

بەپێی ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا، لە سەرەتای ناڕەزایەتییەکانەوە، بەگشتی ١٦ مامۆستای ئاینیی سوننە مەزهەب و دوو خوێندکاری ئایینیی قوتابخانەی زانستی دینی لە کوردستان دەسبەسەر کراون. هەروەها ٥ مامۆستای سوننە مەزهەبیش لەلایەن دادگاوە و ٣ کەسیش لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بانگهێشت کراون.

پارێزگای ورمی؛ ١٥ (پیرانشار ٩، بۆکان ٢، مەهاباد ٢، شنۆ ١، سەردەشت ١)

پارێزگای کوردستان ؛٩ (سنە ٥، بانە ١، سەقز ١، دێولان ٢)

پارێزگای کرماشان؛ ٢ (جوانڕۆ ٢)

وردەکاریی زیاتر؛

زیاترین ڕێژەی دەسبەسەرکران و بانگهێشتکران کە ١٢ حاڵەتە لە مانگی ڕێبەنداندا بووە، مانگەکانی بەفرانبار، خەزەڵوەر و ڕەزبەر بە ڕێژەی ٥، ٤، ٣ و٢ حاڵەتی دەسبەسەرکران و بانگهێشت لە ڕیزەکانی دواتردا جێگا دەگرن.

١٠ کەس لەم مامۆستایانە، پێشنوێژی گوندەکان بوون و ئەوانی دیکەش پێشنوێژی مزگەوتەکانی شارەکانی کوردستان بوون.

لە دوو حاڵەتدا، کوڕی مامۆستا محەممەد خزرنژاد لە بۆکان لەگەڵ باوکی و هاوژینی مامۆستا زانا خوشامەن لە پیرانشار لەگەڵ هاوسەرەکەی دەسبەسەر کراون.

لە کاتی دەسبەسەرکرانی مامۆستا سەیفوڵڵا حوسێنی، پێشنوێژی مزگەوتی خاتەموولئەنبیای جوانڕۆدا، دەستی هاوسەرەکەی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە شکاوە.

زیاترین ڕێژەی دەسبەسەرکرانەکان بە بێ حوکمی قەزایی بووە و دەسبەسەرکراوان لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە بێبەری کراون.

لەم پێوەندییەدا، کۆبوونەوەی دادگاییکردنی مامۆستا سەیفوڵڵا حوسێنی بەڕێوە چووە و ناوبراو بە تۆمەتی پڕوپاگەندە دژی نیزام، هاندانی خەڵک، تێکدانی نەزمی گشتی و ئەندامەتی لە مەکتەب قورئان بە ١٧ ساڵ زیندان، لێدانی ٧٤ قامچی، ٢ ساڵ دوورخرانەوە بۆ ئەردەبێڵ و لێ ئەستاندنەوەی جلی مامۆستایەتی مەحکووم کراوە.

بەیانییەکانی مامۆستایانی سوننە مەزهەب لە کوردستان؛

مامۆستایانی ئایینیی کورد، جیا لە وتاردانی بەردەوام لەسەر مەزاری گیانلەدەستداوان، بە نیشانەی ناڕەزایەتی بە کوشتنی خەڵک و پشتیوانی لە ناڕەزایەتییەکان لە کۆتاییەکانی خەزەڵوەری ١٤٠١، دەستیان بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆ کرد کە تێێدا مامۆستایان و زانایانی ئایینی بە گردبوونەوە لە مزگەوتەکاندا، وێڕای پشتیوانی لە ناڕازییان، خوازیاری ناڕەزایەتیدەربڕین بە سەرکوتی خوێناوی و ئاماژە بە ناکارامەیی حکوومەت و هەروەها داخوازی و ئازادییەکانی خەڵک بوون.

تاکوو ئێستا، ١٠ بەیانییە لەلایەن مامۆستایانی شارەکانی مەریوان، هەورامان، پیرانشار، شنۆ، نەغەدە، سنە، دێولان، بانە، دیواندەرە، زەڕینە، ورمێ، قوروە، سەردەشت و جوانڕۆ بە شێوەی ڤیدیۆ و بەکۆمەڵ و جارجاریش وەکوو بەیانییەی هاوبەشی چەند شار پێکەوە بڵاو کراوەتەوە.