مەسعوود کوردپوور، بەڕێوەبەری ئاژانسی هەواڵدەریی موکریان بە ١٧ مانگ زیندان مەحکووم کرا

11:00 - 17 رێبەندان 2722

مەسعوود کوردپوور، بەڕێوەبەری ئاژانسی هەواڵدەریی موکریان لەلایەن دادگای ئینقلابی بۆکانەوە بە ١٧ مانگ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا کە ٩ مانگی دەبێ جێبەجێ بکرێ.

ئەو ڕۆژنامەنووس و چالاکی مافی مرۆڤە لەلایەن دادگای ئینقلابی بۆکانەوە بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە ٩ مانگ زیندان و "تێکدانی نەزمی گشتی" بە ٨ مانگ زیندان مەحکووم کراوە.

کۆبوونەوەی پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی کوردپوور، مانگی سەرماوەزی ئەمساڵ لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی بۆکانەوە، بە شێوەی ڤیدیۆ کۆنفرانس بەڕێوە چووبوو.

بەپێی یاسای کۆکردنەوەی سزاکان، بەرزترین سزا واتە ٩ مانگ زیندانی تەعزیری بۆ مەسعوود کوردپوور جێبەجێ دەکرێت.

مەسعوود کوردپوور ڕۆژی سێشەممە ١٩ی خەرمانانی ١٤٠١، لە ماڵەکەی خۆیدا، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ کرابوو.

ناوبراو پاس تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی، بۆ زیندانی میاندواو ڕاگوێزرا و هەنووکە لە زیندانی بۆکانە.

مەسعوود کوردپوور، پێشتریش چەند جار لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بە زیندان مەحکووم کرابوو.