ئایەت عارفی‌نیا؛ بە زیندان و سزای تەکمیلی مەحکووم کرا

10:37 - 12 رێبەندان 2722

ئایەت عارفی‌نیا، کارناسی یاسا و بەڕێوەبەری کاناڵی "آبدانان در گذر زمان"، لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی ئیلام، بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ڕەجەب محەممەدی" بە ٦ ساڵ و ٧ مانگ و ١٥ ڕۆژ زیندانی و دوو ساڵ قەدەغەبوونی چوونەدەرەوە لە ئێران، مەحکووم کرا.

ئەو چالاکە مەدەنییە بە تۆمەتی "پێکهێنانی دەستە و تاقم بە مەبەستی تێکدانی ئەمنییەتی وڵات" بە ٦ ساڵ زیندان (کە سێ ساڵی هەڵپەسێردراوە) و "چالاکی و پڕوپاگەندە دژی نیزام (لە ڕێگای دامەزراندنی کاناڵی تێلێگرام)"، بە ٧ مانگ و ١٥ ڕۆژ زیندان مەحکووم کراوە.

هەر لەو حوکمەدا دەست بەسەر پاسپۆرتەکەی‌دا گیراوە و بە دوو ساڵ نەچوونەوەدەرەوە لە وڵاتیش، مەحکووم کراوە.

ئەو حوکمە لە ڕێکەوتی ٢ی بەفرانباردا دەر کراوە  و ٤٠ ڕۆژ دوای دەرکردنی بە ئایەت عارفی‌نیا ڕاگەیەندراوە.

ئایەت عارفی‌نیا ڕۆژی سێشەممە ١١ی ڕێبەندان، لە پەیوەندییەکی تلفۆنیدا، داسەپاندنی ئەو حوکمەی بە بنەماڵەکەی، ڕاگەیاندووە.

ئایەت عارفی‌نیا خەڵکی شاری ئاودانان، ڕۆژی دووشەممە ٩ی خەزەڵوەر، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراوە و لە گرتووخانەی ناوەندیی ئیلامە؛ هەتا ئێستا دادگا لەگەڵ ئازادیی کاتیی ناوبراو بە دانانی بارمتە ڕەزامەندیی دەرنەبڕیوە.

ئەو چالاکە مەدەنییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، لە دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی، بێبەری کراوە.