دادگای پێداچوونەوە؛ حوکمی کەماڵ عەبدوڵڵازادە پشتڕاست کرایەوە

11:12 - 16 رێبەندان 2722

حوکمی ٥ ساڵ و ٨ مانگ زیندان بۆ کەماڵ عەبدوڵڵازادە، سەربازی کوردی خەڵکی شاری سەقز، لە دادگای پێداچوونەوە، پشتڕاست کرایەوە.

کۆبوونەوەی دادگای پێداچوونەوەی ئەو هاووڵاتییە لە ڕێکەوتی ١١ی ڕێبەندان، بەڕێوەچوو و دادگا، داواکاریی پێداچوونەوە لەلایەن ناوبراوی ڕەت کردبووەوە.

کەماڵ عەبدوڵڵازادە لەلایەن لقی ٢٦ی دادگای ئینقلابی تاران  بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ئیمان ئەفشاری" بە تۆمەتی "کۆبوونەوە و تەبانی دژی ئەمنییەتی نەتەوەیی وڵات" و "پڕوپاگەندە دژی  نیزام" بە ٥ ساڵ و ٨ مانگ زیندان، مەحکووم کرابوو.

ئەو سەربازە کوردە لە ڕێکەوتی ٦ی ڕەزبەر پاش ئەوەیکە ڕایگەیاندبوو کە "من لەگەڵ خەڵک‌دام و تەقە لە هیچ کەسێک ناکەم"، لە کەڵانتەری ١٣٥ی ئازادیی تاران، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.

ناوبراو پاش ٤٠ ڕۆژ لێپرسینەوە و ڕاگیران لە ژووری تاکەکەسی، بۆ زیندانی تارانی گەورە ڕاگوێزرا و لە ڕێکەوتی ٢٦ی سەرماوەز، بە دانانی بارمتە لە زیندان ئازاد کرابوو.

ئەو سەربازە کوردە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی، بێبەری کرابوو.