ساڵح نیکبەخت و مەسعوود شەمس‌نژاد، پارێزەریی براکانی تەهازادەیان لە ئەستۆ گرت

11:02 - 16 رێبەندان 2722

مەسعوود شەمس‌نژاد، پارێزەری پلە یەکی دادگوستەری لە لاپەڕەی تویتێری خۆی‌دا نووسیوویەتی کە هاوکات لەگەڵ ساڵح نیکبەخت، ئەرکی پارێزەری‌کردن لە "فەرهاد و فەرزاد تەهازادە"، لە دەسبەسەرکراوەکانی خۆپیشاندانەکانی شاری شنۆیان لە ئەستۆ گرتووە.

ناوبراو نووسیویەتی: "پاش ڕەوانەکردنی دۆسییەی فەرهاد و فەرزاد تەهازادە، بۆ لقی ٣ی دادگای ئینقلابی ورمێ و بە ڕەزامەندیی سەرۆکی دادگای پەیوەندیدار، لەگەڵ هاوکاری خۆشەویستم ساڵح نیکبەخت، ئەرکی پارێزگاری لەو دوو برایە کە تۆمەتی "موحاربە و افساد فی الارض"یان خراوەتە پاڵ کەوتە ئەستۆی ئێمە، ئەوان لە شنۆ دەسبەسەر کراون و لە ورمێ دادگایی دەکرێن. بە هیوای جیبەجێکردنی دادپەروەری".

فەرهاد و فەرزاد تەهازادە، هاوکات لەگەڵ خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکان پاش قەتڵی حکوومەتیی مەهسا-ژینا ئەمینی لە ڕێکەوتی ٢ی ڕەزبەری ١٤٠١ دەسبەسەر کران. ئەو دوو برایە هەردووکیان خێزاندارن؛ فەرزاد کچێکی کەم تەمەنی هەیە و هاوژینەکەی دووگیانە.

فەرزاد تەهازادە پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی رەوانەی زیندانی ورمێ‌ کراوە و لە ماوەی چەند حەفتەی ڕابردوودا، فەرهاد تەهازادە لە زیندان/گرتنگەی شنۆ بۆ زیندانی ورمێ، ڕاگوێزراوە.